بە بیانووی دوعا

جیھان و ھەر چی تێیدایە بە خڕ و پتوونی، فەلسەفە و بیر و ھزر و کۆمەڵناسی و دەروون ناسی و تەواوی دەستەواژەو چەمکەکان و ئایدئۆلۆژیەکان بوون بە بیانوویەکی بەھێز بۆ مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆی ھەڵاوەسێ بە "ھەبوون" و مانەوەو درێژەدان.

بە بینینی ھەندێک لەو ڕووداوانەی لەم جیھانە بێ دەروپەیکەرەدا دەقەومن، مرۆڤ پێی خۆشە پێداگری بکات لە سەر ئەو بیرۆکەیە کە مرۆڤایەتی چەند بێ وەفاو خەیانەتکارە کە دەتوانێ بێ دەنگ بمێنێ و چاو پۆشی بکات لە تەواوی ئەوجەنایەتانەی ھەموو ڕۆژێ تازە دەبنەوەو زۆر زووتر لە وەی کە تەنانەت بتوانین بیری لێ بکەینەوە، فەرامۆشیان دەکات.

فکر و فەلسەفە و ئایدۆلۆژیا و تەنانەت تەواوی ئەو زانستانەی تا ئەمڕۆ بەدی ھاتوون و پێمان وایە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێشمان دەبەن، مرۆڤیان تووشی "کارەسات" کردووە. مرۆڤ فێر بووە بە پشتیوانی تەواوی ئەو بابەتانە، بیانوو بۆ کارەساتەکان داتاشێ. ئیتر ئەو شتانەی کە دەگوترێن و دەنووسرێن، شیکردنەوەو ھەڵسەنگاندنی ھیچ یەک لەو جەنایەتانە نین کە ھەموو ڕۆژێ مرۆڤ بۆ خۆی دەیکات و ھۆکارەکەی بۆ خۆیەتی.

وەک بڵەی گەیشتووینە سەر ھەڵدێرێکی زۆر ئەستەم. ھۆکاری ئەم وتەیە تەنیا دەتوانێ ھەڵوێستێکی لە ناکاو بێت، بەڵام دڵنیام کە جیھان لە ھەل و مەرجێکی زۆر ترسناک دایە. ئیتر ھەموو ھەواڵەکان ترسناکن، زۆر بە دەگمەن ھەیە ھەواڵێک مرۆڤ شاد بکات:

nچەند ڕۆژ لەوە پێش ھەشتی مارس بوو. ڕۆژی ژن. ئای کە چەندم پێ خۆش بوو لەو ڕۆژەدا میژوو زمانی بوایەو پرسیارم لێ کردبا کە ئاخۆ بە ڕاستی بۆ خۆی ھیچی لەم ڕۆژە بە بیر دێ؟! تۆ بڵەی لە سەر کام لاپەڕەی چڵکن و نەفرەت لێکراوی ئەم مێژووە سەراسەر خوێناویە بیرەوەری تەواوی ئەو ژنانە بنووسرێ کە قەت بۆ چرکەیەکیش ھاواریان نەبیسراوە؟ تۆ بڵەی بۆنی لەشی ھەڵقرچاوی ئاگر تێ بەربووی ژنانی وڵاتی من لە مێژوودا بمێنێتەوە؟ تۆ بڵەی ئەگەر مرۆڤیش لە بیری ماو دوو سەدەی تر بیرەوەری "دوعا"ی گێڕاوە بۆ مناڵە چاردە ساڵەکان کە بنەماڵەیەک کچی خۆیان بە بیانووی ئەوینداری بەردباران کرد، کەس بتوانێ بڕوا بکا؟ ئێمە بیانوومان ھەیە، پیاو ماقووڵان و عاقڵانی کۆمەڵگاکەمان ھۆکارە مردنی دوعا دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی کە ھێشتا فیۆدالیزم و دین سالاری و باوک سالاریمان تێ نەپەڕاندووە. کە ئەم شەو، بۆ نەکبەتی، لە سەر لاپەڕەی فەیس بووک بۆ جارێکی تر چاوم بە دیمەنی کوشتنی "دوعا..." کەوت پێم خۆش بوو تف بکەمە تەواوی ئەو ھەڵسەنگاندنە ئاکادێمیکانەی بۆ قەتڵی کچێکی نەشمیل دەوترێ و پاشان دوای ڕۆژێک، حەوتوویەک یا خود مانگێک ھەموو شتێک لە بیر دەچێتەوە.

جیھان بۆیە لە مەترسی دایە چوون خووی گرتووە بە خوێن و کوشتار و جەنایەت، لە مەترسی دایە چوون بیر و ئایدۆلۆژیا و دین و مەکتەبە سیاسیەکان دەتوانن تەنانەت ڕوحم نەکەن بە کیژێکی بچووکی خوو نەگرتوو بەم ھەموو زۆرداریە بە ناوی دوعا و لە بەرامبەردا بیر و ئایدۆلۆژیا و دینێکی تر ڕۆحم نەکات بە دوعایەکی تر و دوعایەکی تر و دوعایەکی تر... .

تۆ بڵەی ئەو ڕەوتە تا کەی نەبڕیتەوە؟ نازانم، ڕەنگە ھەر نەبڕێتەوەو لە ئاکام دا خوێن، جیھان و مرۆڤایەتی لە خۆی دا نوقم بکات. خۆزگە سەد خۆزگە لەم بەینەدا گوێیەک ھەبی بتوانێ ئەم ڕاستیە ببیسێ کە "ئێمە تاوانبارین، ئێمە ھەموومان تاوانبارین."

 

nسبەی ساڵڕۆژی حەلەبچەیە. ساڵڕۆژی چرکەساتی مەرگی پێنج ھەزار پەپوولەی باڵ سووتاو! ئاخ چەند نەفرەت دەکەم لەو ئیستیعارەو تەشبیھانەی کە بۆ مەرگی پێنج ھەزار مرۆڤ دەگوترێ. ساڵرۆژی نەنگ و ڕووڕەشیەکی تری مرۆڤایەتیە کە تەنانەت ئەگەر ھەموو کوشتار و خوێن ڕشتنەکانی تریش پاک ببنەوە، خۆی بە تەنیا دەتوانێ ھۆکارێک بێ بۆ سەرشۆڕی ھەمیشەیی. لە بەر ئەوەی کە ھیچ کوشتارێک ھێندەی حەلەبچە بێ ساحەب نەبووە و جیھان لە ڕەوتی لە مێژینەی مێژوودا لە بەرامبەر ھیچ کارەساتێکی تردا تا ئەو ڕادەیە خۆی لە گێلی و نەفامی نەداوە.

کە باس لە حەلەبچە دەکرێ تەنیا بیر لەوە دەکەمەوە کە ئاخۆ چەند ئەوینداری تێدابوو، چەند کەس لە بەندی ئێوارەو ژوانێکی شاراوەی ئەم شارە بوون؟ چەند خەیاڵ و چەند ئەفسانەو چەند ئاواتی سەربڕاوی تێدا خینکا؟

(ھەڤاڵێکی دەنگ خۆشم بوو بە ناوی ھەڵۆ. خەڵکی حەلەبچە بوو. کە دەمانگووت گۆرانیەک بڵێ، زوو دەیچریکاند: لەیلا گیان لەیلا گیانی شیرینم / ئەو چاوەم کوێر بێ لەیلا گیان تۆی پێ نەبینم. زۆر دواتر زانیم کە ھەڵۆ ھاوسەر و مناڵە یەک مانگانەکەی لە کارەساتی حەلەبچە لە دەست داوە. ناوی ھاوسەرەکەی لەیلا بوو...)

چەند ڕۆژی تر نەورۆزە ...

چەند ڕۆژ دوای ئەو ساڵڕۆژی ئیعدامێکە...

چەند ڕۆژی تر...

چەند ڕۆژ...

ئەو بازنەیە ھەر وا گەورە دەبێتەوەو دڵنیام ڕۆژێک دا دێ کە مرۆڤ پێ ڕاناگات بیرەوەری و بەسەرھاتی کارەسات و جینایەتەکان بۆ خۆی زیندوو کاتەوە.

بۆ چرکەیەک چاو لە سەر یەک دا بنێن، بیر لەوە بکەنەوە بە ڕاستی مرۆڤایەتی چەند ساڵرۆژی خۆشی ھەیە کە بۆنی خوێن و کوشتار و سێدارەی لێ نەیە؟ ئێمەی کورد نەورۆزێکمان ھەیە کە ھێشتاش بواری پیرۆز کردنیمان پێ نادەن و ئەگەر ھیچ نەبێ ھەموو ساڵێک دوو سێ شەھید بە خۆیەوە دەبینێ. جیھان بەوەش نەوەستاوەو وەک دەزانن دەیانھەوێ جێژنەکەشمان بە نێو سەردەستان بکەن! ھەڵبەت دڵنیام کە ھیچ نەتەوەیەک ق...ی لە ئێمە خاوێن تر نییە... . 

/ 0 نظر / 8 بازدید